australiaflagarabicflag

 

ئوسترالیا.. خزمه‌تكردنی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان به‌رز راده‌گیرێت

 

سەرچاوە PUKMedia
رۆژی 3-3-2015 له‌ ئۆفیسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ شاری سیدنی پایته‌ختی نیوساوس وێلز، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان له‌ ئوستراڵیا به‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ سیان

KRG Australia

 نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم و عه‌دنان وه‌لی به‌رپرسی كۆمیته‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان و به‌ئاماده‌بوونی كارگێرانی كۆمیته‌و چه‌ندین ئه‌ندامی كۆمیته‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگ و خزمه‌تكردنی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی 

كوردستان له‌ ئوسترالیا.



ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتیبوو له‌ چۆنییه‌تی و شێوازی كاركردن و خزمه‌تكردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر بۆ سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان له‌ ئوسترالیا به‌بێ جیاوازی له‌ناو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وه‌ش له‌ رێگای ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان به‌ ره‌سمی ناسراوه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی گرنگی جوامێرانه‌و به‌رخۆدانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دا، كه‌ هه‌زاران شه‌هیدیان داوه‌ له‌ پێناو به‌رگری و خۆبه‌ختكردن و داكۆكیكردن له‌ ئازادی و سه‌رجه‌م خاكی كوردستان له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا دژ به‌ گروپی تیرۆرستانی داعش.

هه‌ر له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا كاربكه‌ن به‌ گیانێكی كوردپه‌روه‌رانه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونی دۆزی كوردو یه‌كهه‌ڵوێستی و ته‌بایی و پاراستنی ناو ماڵی كوردو گه‌یاندنی كێشه‌ ره‌واكه‌ی گه‌لی كورد به‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ره‌سمی و ناڕه‌سمی ئوسترالیادا.

له‌ كۆتاییدا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر بابه‌تێكی زۆر گرنگ، كه‌ له‌مه‌ودوا كاربكرێت بۆ به‌دامه‌زراوه‌كردنی ده‌زگای پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌رباره‌ی مووچه‌و خانه‌نشینكردن و باری گوزه‌رانی سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان بێ جیاوازی و دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانی حزبایه‌تی، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی خۆی و نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی گه‌یانده‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و كارگێڕانی كۆمیته‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان، له‌ پێناو خزمه‌تكردنی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و كارو چالاكییه‌كانی كۆمیته‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان له‌ ئوسترالیا.

هه‌روه‌ها به‌رپرسی كۆمیته‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان به‌ناوی سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و كارگێڕانی كۆمیته‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان، ده‌ستخۆشی له‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ كارئاسانی و خزمه‌تكردن و خزمه‌تگوزاری زیاتری سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان له‌ ئوسترالیادا به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی و یاسایی.

PUKmedia  كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان له‌ ئوسترالیا