australiaflagarabicflag

 

قه‌ڵاى هه‌ولێر بووه‌ به‌شێك له‌ كه‌له‌پوورى جیهان

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، بە ئامادەبوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و خاتوو "ئیرینا باكۆڤا" به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ڕێكخراوى یوونسكۆى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیران و به‌رپرسانى هه‌رێم و كونسلى وڵاتان له‌ هه‌ولێر و به‌رپرسان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق، ڕێوڕه‌سمى دانانی قەڵای هەولێر لە لیستی شوێنه‌واره‌ دێرین و مێژووییه‌كانى جیهاندا و وه‌ك به‌شێك له‌ کەلەپووری مرۆڤایه‌تى و دنیا، له‌ قه‌ڵاى هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، به‌م جۆره‌ش قه‌ڵاى هه‌ولێر بووه‌ یه‌كه‌مین شوێنه‌وارى مێژوویى له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ بچێته‌ ئه‌و لیسته جیهانییه‌وه‌.

له‌ وته‌یه‌كدا كه‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌شى كرد، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵیى خۆى به‌ ناساندنی قه‌ڵای مێژوویی و دێرینی هه‌ولێر وه‌ک شوێنه‌وارێکی جیهانی و به‌شێک له‌ که‌له‌پووری مێژوویی و که‌لتووریی مرۆڤایه‌تی و دونیا ده‌ربڕى و، ئه‌م ناساندنه‌ى وه‌ك هه‌ڵنانی هه‌نگاوێکی دیکه‌ی گه‌وره‌ و گرنگی کوردستان به‌ره‌و جیهان و به‌ سه‌ربه‌رزی و شانازییه‌کی گه‌وره‌ بۆ هه‌ولێر و کوردستان و هه‌موو عیراق، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشى ناوه‌زه‌د كرد.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌یه‌كى خێراى به‌ مێژووى قه‌ڵا كرد كه‌ به‌ درێژاییی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زارى ساڵی ته‌مه‌نی، ڕه‌گه‌کانی له‌ قووڵاییی مێژوودا داکوتاوه‌، ده‌یان شارستانی و ده‌سه‌ڵاتی جیاجیای ئیمپراتۆر و شا و سه‌رکرده‌کانی جیهان و ناوچه‌که‌ی به‌ڕێ کردووه‌ و، له‌ هه‌موو چاخ و سه‌رده‌مێکدا هه‌میشه‌ بۆ پاراستنی هه‌ولێر و خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌ک قه‌ڵغانێک بووه‌‌. هه‌ره‌ ترسناکترین هێز و سوپای داگیرکه‌رانی تێک شکاندووه‌ و، خۆی وه‌ک هه‌میشه‌ سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز له‌ ناوجه‌رگه‌ی هه‌ولێردا ماوه‌ته‌وه‌.

ده‌رباره‌ى مێژووی نزیکى قه‌ڵای هه‌ولێریش ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ قه‌ڵا ده‌یان که‌سایه‌تیی ناودار و لێهاتووی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا بۆ کوردستان پێگه‌یاندووه‌ و، شێوازی ژیان و که‌لتوور و که‌له‌پووری قه‌ڵا، بۆته‌ به‌شێکی دیار و سه‌ره‌کیی پێکهاته‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی هه‌ولێر، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ که‌ قه‌ڵای هه‌ولێر، له‌ سه‌دان شیعر و گۆرانی و، له‌ ئه‌ده‌بیاتی کوردیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی دیار و به‌رچاوی هه‌بێت.

ئه‌وه‌شى گوت: "بۆیه‌ مافی هه‌ولێر و هه‌ولێرییان و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانه‌ که‌ ئه‌مڕۆ شانازی به‌م ده‌ستکه‌وته‌وه‌‌ بکه‌ن و سه‌ربڵند بن به‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌چێته‌ ڕیزی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی جیهان و ده‌بێته‌ موڵکی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی".

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانین و ده‌ستخۆشیی خۆى و حکوومه‌ت و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانى پێشکه‌ش به‌و لایه‌نانه‌ كرد كه‌ له‌ ناساندنى قه‌ڵاكه‌ وه‌ك ‌شوێنه‌وارێكى مێژووییى جیهانى ماندوو بوون، له‌وانه‌ ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، کۆمیسیۆنی باڵای نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر و ده‌سته‌ی شوێنه‌واره‌کانی عیراق و نێرده‌ى هه‌میشه‌ییى عیراق له‌ یوونسکۆ.

هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و وڵاتانه‌یشی كرد كه‌ له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵادا به‌شدارن، یان ده‌نگیان بۆ قه‌ڵای هه‌ولێر دا، تاکوو بچێته‌ لیستی شوێنه‌وارى‌ جیهانییه‌وه‌. سوپاس و به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تیشى له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان خاتوو "ئیرینا باکۆڤا" كرد، که‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا ئاماده‌ بوو‌ و له‌م که‌یسه‌دا هاوکارییه‌کی زۆری کردووه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌رباره‌ى بارودۆخى ئێستاش گوتى: "له‌ ڕۆژێکی ئاوادا ناکرێت باس له بارودۆخی وڵات و ناوچه‌که‌ نه‌که‌ین، که‌ به‌ره‌نگاری تیرۆرێکی دڕنده‌ی تاریک‌ و ڕه‌وشێکی سه‌خت بۆته‌وه‌. ڕه‌وش و بارودۆخێکی وا که‌ کوردستان بۆته‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی هاوپه‌یمانیه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی تیرۆر و، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان ئێستا له‌ جیاتی هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، به‌رگری له‌ خاک و خه‌ڵکی کوردستان و جیهان و له‌ نرخ و به‌هاکانی دنیای ئازاد ده‌که‌ن و، ڕۆژانه‌ له‌و پێناوه‌دا شه‌هید و بریندار ده‌بن.‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خوشک و براکانیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، پێکه‌وه‌ تێده‌کۆشن و به‌رگری ده‌که‌ن".

هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر گرنگیى یه‌کێتی و یه‌کڕیزیی نیشتمانیی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و خه‌ڵک و پێکهاته‌کانی کوردستان، كه‌ له‌گه‌ڵ پشتگیری و هاوکاریی دۆستان له‌ جیهان و ناوچه‌که‌، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه،‌ که‌ به‌رگرییه‌کی نه‌به‌ردانه‌ ده‌کات و به‌ ڕۆحییه‌تى "یان کوردستان یان نه‌مان" له‌ سه‌نگه‌ردایه‌، ده‌ستپێشخه‌ری بخاته‌وه‌ ده‌ستی خۆی و ڕۆژانه‌ له‌ پێشڕه‌ویدا بێت و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ شکست به‌ تیرۆریستان بێنێت.

ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌ كه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر و شکستی زیاتری تیرۆریستانیش، پێشمه‌رگه‌ پێویستی به‌ چه‌کی قورس و ڕاهێنان و هاوکاریی زیاتری دۆستان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ گشتی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها سوپاسی هاوپه‌یمانان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى كرد که‌ له‌ ڕووی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه‌ پشتگیری و هاوکاریى هه‌رێمى كوردستانیان کردووه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ چاوه‌ڕێی هاوکاریی زیاتریان لێ ده‌که‌ن.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ لایه‌نێکی دیکه‌ی سه‌ختیی بارودۆخه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ حکوومه‌تی فیدرالی عیراق بودجه‌ و مووچه‌ی کارمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستانی بڕیوه‌ و وه‌ك گوتى "له‌ سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌ی دۆڕاودا، قووتی خه‌ڵکی کوردستانی کردووه‌ته‌ کارتێکی فشار، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناکۆکی و کێشه‌ سیاسییه‌کاندا له‌ دژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ کاری بهێنێت، ئه‌مه‌ش به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی گوایه‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی فرۆشتووه‌"!. ئه‌م به‌هانه‌یه‌شى به‌ دوور له‌ هه‌موو ڕاستییه‌ک له‌ قه‌ڵه‌م دا گه‌تى: "دواى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، ئینجا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى به‌ فرۆشتنى نه‌وت کردووه‌".

تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ خۆڕاگریی هاووڵاتیانی کوردستان و به‌رگه‌گرتنی بێ بودجه‌یی و بێ مووچه‌یی، شکستی به‌ سیاسه‌تی ئه‌وانه‌ هێنا که‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ و مامه‌ڵه‌ و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانیان، هه‌موو عیراقیان تووشی کاره‌ساتێکی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی کرد. بۆیه‌شه‌ سوپاس و پێزانینى بۆ هاووڵاتیان و کارمه‌ندان و خه‌ڵکی کوردستان ده‌ربڕى که‌ به‌رگه‌یان گرتووه‌ و ده‌گرن، هه‌روه‌ها سوپاسی خاوه‌نکار و کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌رانى كرد، که‌ وێڕای نه‌بوونی بودجه‌ ده‌ستیان له‌ کار هه‌ڵنه‌گرت و له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و ئه‌نجامدانى کار و پرۆژه‌کان به‌رده‌وام بوون.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسى له‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایى كرد و گوتى: "دوای هه‌وڵ و کۆششێکی زۆر، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی دارایی بەردەوام دەبێت و هیوادارە له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا ئه‌و قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر ببێت." هه‌روه‌ها هه‌موو کارمه‌ندان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستانى دڵنیا كرده‌وه‌ که‌ هیچ مووچه‌یه‌کیان نافه‌وتێت و هه‌مووان ته‌واوی مووچه‌کانیان وه‌رده‌گرن.

ده‌رباره‌ى پرسى به‌شداریكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقیشدا، ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ک چۆن له‌ هه‌رێمی کوردستان، یه‌کێتی و یه‌کڕیزییان پاراست و هه‌مووان پێکه‌وه‌ حکوومه‌تیان پێکهێنا، زۆر پێداگیرییان له‌وه‌ کردووه‌ تا به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌مووان پێکه‌وه‌ به‌شداری له‌ حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقی فیدرالدا بکه‌ن. دووپاتیشی كرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ و ئاماده‌یه‌ هه‌موو کێشه‌ و گرفته‌کان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى تێگه‌یشتن له‌ واقیعى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات.

هه‌روه‌ها ئێمه‌ ئه‌م به‌شدارییه‌ى هه‌رێمى كوردستانى له‌ حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقدا به‌ ده‌رفه‌تێک زانى بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بێته‌ پێشه‌وه‌ و، بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێک که‌ سوودی بۆ ته‌واوی عیراق هه‌بێت و له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موولایەکدا بێت. عیراقێک که‌ بتوانێت سوود له‌ هه‌ڵه‌کانی پێشوو وه‌ربگرێت و به‌ شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بکات که‌ وڵات له‌و کاره‌ساته‌ی تێیکه‌وتووه‌، ڕزگار ببێت.

هه‌روه‌ها له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌ڕێز دارا یەعقووبی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنه‌وه‌ى قەڵای هەولێر لە وتەیەکدا سوپاسگوزاریی خۆی پێشکەش به‌ هەموو ئەو لایەنانە کرد کە ڕۆڵی ئه‌رێنیان بۆ دانانی هەولێر لەو لیستە جیهانییەدا گێڕاوه‌، بەتایبەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر و هەموو ئەو وڵاتانەی ئەندامی یوونیسکۆن و ڕۆڵیان لەمبارەیەوە هەبووه‌. هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەری گشتیی یوونیسکۆى کرد بۆ سەردانی هەولێر و ڕۆڵی ئه‌رێنیى ئه‌و له‌م كه‌یسه‌دا.

ڕوونیشی کردەوە قەڵای هەولێر نموونەیەکی زیندووە بۆ بەردەوامیی ژیانی مرۆڤایەتی کە لە ماوەی هەزاران ساڵدا چەندین شارستانی بەڕێ کردووە. باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ ساڵی 2007 دەست بەم پرۆژەیە کراوه‌ تا شوێنی خۆی لەو لیستە جیهانییەدا وەرگرت و ئاماژەی بەوەش دا لە ساڵی 2010ـەوە چەندین پرۆژەی تیادا جێبەجێ کراوە و یوونیسکۆش لە نزیکەوە چاودێریی ئەو بابه‌ته‌ دەکات .
به‌ڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێریش لە وتەیەکدا، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان وعیراق کرد بۆ ئەو دەستکەوتە گەورەیەی کە لە ڕوانگەی بایەخدانی حکوومەتی هەرێم بۆ شوێنەوار گه‌یشته‌ ئەنجام، لە کاتێکدا لە بەشەکانی دیکەی عیراقدا شوێنەوار ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێته‌وه‌.

هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش به‌ به‌ڕێز سەرۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان کرد کە لە ڕۆژی یەکەمەوە هەموو بودجەیەکی پێویستی بۆ تەرخان کرد بەمەبەستی دانانی قەڵا لە لیستی کەلەپووری جیهاندا. سوپاسی هەموو وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و ڕێکخراوی یوونیسکۆ و ئەو وڵاتانەیشى کرد کە ڕۆڵیان لەو پرۆسەیەدا هەبوو.

ئاماژەی بەوەش دا مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو خەڵکەی لە قەڵادا دەژیان کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دواتر لە لایەن حکوومەتەوە قەرەبوو کرانەوە و ئەو خەڵکەی لە قەڵا دەژیان، هاوکارییەکی زۆری پارێزگا و حکوومەتیان کرد تا تواندرا ئەو بەرنامەیەى بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى دانرا بوو، بخرێته‌ بوارى جێبه‌ێكردنه‌وه‌.

ئاشکراشی کرد دوای تەواوبوونی ئەو بەرنامەیەی لەبەر دەستە، قەڵا و دەورووبەری چەندین پرۆژەی گەورەی تیادا جێبەجێ دەکرێت تا دەگاتە ئەو ئاستەی ئەو ناوچەیە ببێتە داون تاون ـ ێکی سەرنجڕاکێش بۆ سەدان هەزار گەشتیار.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو ئێرینا باکۆڤا بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی یونیسکۆ له‌ وته‌یه‌كدا خۆشحاڵیی خۆی بە سه‌ردانى کوردستان نیشان دا و ڕاگەیاندنی دانانی قەڵا هه‌ولێرى لە لیستی کەلەپووری جیهانیدا بە ساتێکی زۆر تایبەت لە مێژووی مرۆڤایەتی ناوزه‌د کرد و نیشانی دا ئەم شوێنە مێژووییە، شایەدی چەندین نەوە بووە لە ڕابردوودا و شایەدی نەوەکانی دوای ئێمەش دەبێ. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كرد كه‌ مێژووی ئەم قەڵایە نیشانی دەدات ئەم شوێنە چەندە پرسی یەکتر قبووڵکردنی تیادا بەرجەستە بووە.

تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ گرنگترین شت لەو پرۆسەیەدا ئەوه‌یه‌ بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ ڕادەگەیندرێت. دواتر به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ڕێكخراوى یۆنیسكۆى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بڕوانامەی ناساندنی قەڵای هەولێرى وەک شوێنەوارێكی مێژووییى جیهانى به‌خشییه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هەرێمی کوردستان.

دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکەش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی کوردستان ده‌ربڕى و ڕوونى كرده‌وه‌ دوای ئاشوور و حەزەر و سامەڕا، قەڵای هەولێر چوارەمین شوێنەواره‌ له‌ عیراق دەخرێتە نێو ئەم لیستە جیهانییه‌وه‌.

هەروەها سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد کە بە دەستپێشخەریی ئەوان ئەو کارە ئەنجام درا و دووپاتی کردەوە گرنگیی قەڵای هەولێر و پێگە مێژوویییەکەی وای کرد سەردانی هەولێر بکات و لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بێت، ئەم ئەنجامەشى به‌ پەیامێکی گەورە بۆ پشتگیرى له‌ ئاشتەوایی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر لەو ناوچه‌كە له‌ قه‌ڵه‌م دا.